تەکنەلۆژیا جیھانێکی قوڵە، کەس ناتوانێت شارەزایی ھەموو کون وقوژبنەکانی بێت، لە گەڵ نەبوونی پەروەردەی دیجیتاڵی و لاوازی ھۆشیاری دیجیتاڵی بابەتەکە ھێندەی تر ئاڵۆز دەبێت. بۆ؟

لەو کاتەی شارەزایان بانگەشە بۆ ئینتەرنتێکی کراوەو ئازاد دەکەن، کە ھەڵمەتەکە لە دەستپێشخەرییەکی گوگڵەوە دەستی پێکرد لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی بواری ئازادییە دیجیتاڵییەکان، دەبێت درکت بەوە کردبێت، ئەو ھەموو ھاتووچۆیەت لەناو ئینتەرنت بە مۆبایلەکەتەوە، ئازادانە نییەو بەردەوام ھەرکێیەک و شوناس و پلەو پایەت ھەرچییەک بێت تۆ ھەم چاودێری دەکرێت و ھەم سیخوڕیت بەسەرەوە دەکرێت و ھەم وەکو کاڵایەک دەفرۆشرێیتەوە.
وەک وتم بابەتەکە ئاڵۆزە، وتارێک و دووان بەرچاوڕوونی تەواوت پێنابەخشێت. بۆیە لەسەررتاوە جەختم لەسەر پەروەردەی دیجیتاڵی کردەوە.
بۆ ئەوەی سەرت نەئێشێنم، دەمەوێ پێت بڵێم، ھەر شتێک لەناو ئینتەرنت بەخۆڕایی بەکارت ھێنا، ئەوا ١٠٠٪‏ تۆو زانیارییەکانت مامەڵەت پێوە دەکرێت.
زانیاری نەوتی سەردەمەی شەپۆلی شارستانییەتی زانیارییە، وەک ئەلفین تۆفلەر ناوی دەبات، ئەم نەوتە نەک تەنھا شێوازی ژیان و کۆی کلتورو نەریت دەگۆڕێت، بگرە کاریگەری بایلۆژی و بۆماوەییشی ھەیەو بەکورتی و بەکوردی، ئەوەی دەست بەسەر زۆرترین بڕی زانیاری بگرێت، دەست بە سەر جیۆپۆلۆتیکای فەزای گریمانەیی دەگرێت
و کە ئەمەیشی کرد دەست بەسەر ھەموو دونیا دەگرێت، گەوھەری شەڕی ئەمریکاو چین ئەم بابەتەیە.
ھەر شتێک لەناو ئینتەرنت بەخۆڕایی بەکارت ھێنا، ئەوا ١٠٠٪‏ تۆو زانیارییەکانت مامەڵەت پێوە دەکرێت.
سەلامەتی دیجیتاڵی، لە دوو ھێڵی تەریب بە یەک خۆی ڕادەگرێت ئەوانیش بەشی ئێمنایەتی security و بەشی تایبەتمەندێتی Privacy. لەنگی لە ھەر بەشێکی لەنگییە لەبەشەکەی تری.
بەداخەوە کەس بایەخ بەم مەسەلەیە نادات و لە مەترسییەکانی بەھەدەردانی زانیاریی تایبەتی نازانێت.
بۆیە دەمەوێت بە نموونەیەکی کۆمەڵایەتی بۆتانی باس بکەم.
کاتێک دوو ھاوسەر پێکەوە دەچنە ژووری نووستنەوەو وایفای ماڵەوەیان کاردەکات و مۆبایلەکانیان دەبەنە ژووەوە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە لە ناو ژوورەکە تەنھا بە تەنھا نین.
ئەوان لەبەر ئەوەی مافی گەیشتنیان بە سیستەم و بەرنامەکان داوە، دەبێت بزانن کە:
– ھەردوو کۆمپانیای دروستکەری ھاردوێری مۆبایلەکان. (دوان)
– ھەردوو کۆمپانیای دروستکەری سیستەمی مۆبایلەکان. (دوان)
– ھەردوو کۆمپانیای دابینکەری sim ی مۆبایلەکان. (تۆ بڵێ یەک)
– ھەر یەکێکیان ٢٠ بەرنامە لەسەر مۆبایلەکانیان ھەیە، بە ھەردوکیانەوە (٤٠ بەرنامە)
– کۆمپانیای دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنتەکە. (تۆ بڵێ یەک)
ئینجا برا نەک شوێنتان لەسەر سیسەمەکە نابێتەوە، بگرە لە ناو ژوورەکە بە پێیشەوە شوێنی ھەردوکتان نابێتەوە.
بۆ؟
چونکە لەکاتی داگرتنی بەرنامەکان، بەرنامەکان داوای مافی گەیشتنیان کردووەو تۆیش ڕازی بویتە، بۆیە ئەوان دەتوانن بتبینن و بتبیسن و ھەرشتێک لەسەر یادەوەری کاتی و ھەمیشەیی مۆبایلەکەت ھەیە ببینن و ببەن.
ھەندێک جار ھەندێک کەس دەڵێن ( من ھیچم نییە لێی بترسم!! یان من چیم ھەیە!!
باشە عەزیزم بە ئەرک نەبێت دەتوانیت بۆ کەمتر لە ٥ خولەک یوزەرو پاسوێردەکەی خۆتم پێندەیت؟؟
دەتوانیت بۆ کەمتر لە دوو خولەک مۆبایلەکەت بەکراوەیی پێمبدەیت؟؟
یەک، نەکەن ھەڵەی وا بکەن، دوو وریای ئەو مافانە بن کە بە بەرنامەکان دەیدەن، ھەرچی بەرنامەیەک سەلامەت نییە، ئێمنایەتی و تایبەتمەندێتی ناپارێزێت بیسڕنەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *