لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ترندی وێنەی کۆلاجەکانی ژیری دەستکرد بڵاوبووەتەوە: وێنەکەت و وێنەی کەسێکی تر لەگەڵ یەک پاشبنەمادا تێکەڵ دەکرێن، وەک ئەوەی بە عەدەسەی کامێرای مۆدێرن گیراون.
دەنگێکی خۆشە، بەڵام… تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە: وێنەکانت دوای ئەوەی باریان دەکەیت بەرەو کوێ دەڕۆن؟
کاتێک ئێمە دەموچاومان لەگەڵ ئەپ و ماڵپەڕەکانی AI هاوبەش دەکەین، لە ڕاستیدا یەکێک لە گرنگترین زانیارییە کەسییەکانمان ڕادەستی دەکەین: زانیارییە بایۆمەترییەکانمان- تایبەتمەندییە جێگرەوە نەکراوەکانی دەموچاومان. ئەم وێنانە زۆرجار دوای بەکارهێنانیان نامێنن؛ بەڵام لە سێرڤەرەکانی ئەپەکەدا هەڵدەگیرێن.
لەوەش خراپتر؟ لەوانەیە دواتر بۆ ڕاهێنانی مۆدێلی نوێ بەکاربهێنرێن، بفرۆشرێن بە کۆمپانیاکانی تر کە بۆ ڕیکلام بەکاریان دەهێنن، یان بەبێ ئاگاداری ئێمە لەگەڵ لایەنی سێیەمدا هاوبەش بکرێن.
ڕەنگە ڕەوتەکە بە خێرایی بمرێت، بەڵام دەموچاوت دەتوانێت بۆ ساڵانێک لە ئەرشیفی دیجیتاڵیدا بمێنێتەوە. هەر لەو ساتەوەی وێنەکەت بار دەکەیت، کۆنترۆڵی لەدەست دەدەیت؛ ناتوانیت گرەنتی ئەوە بدەیت کە ئایا بەڕاستی سڕاوەتەوە یان چۆن لە داهاتوودا دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە.
بیرخستنەوەیەک: ترندەکان زوو تێپەڕ دەبن و کۆتاییان دێت، بەڵام داتاکانتان لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە هەڵدەگیرێن و بەکاردەهێنرێن بۆ فێربوون. دووجار بیربکەرەوە پێش ئەوەی وێنەکەت بدەیت بەو ئەپانەی کە هیچیان لەبارەیەوە نازانیت، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ داتاکانت دەکەن!!