لە ناوەڕاستی گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە بەرفراوانەکانی جیهاندا، سەروەری (السيادة/Sovereignty) چیتر چەمکێک نییە کە سنووردار بێت بە سنوورە جوگرافییە تەقلیدییەکان و سەرچاوە مادییەکان. چەمکێکی نوێ سەریهەڵداوە، کە بڕبڕەی پشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەکان و ئاسایشی نەتەوەیی پێکدەهێنێت، سەروەری دیجیتاڵی (السيادة الرقمية/Digital Sovereignt) ئەم چەمکە ناوەندی گفتوگۆکانە لەسەر حوکمڕانی ئینتەرنێتی جیهانی، لە کاتێکدا دەوڵەتەکان هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی چارەنووسی دیجیتاڵی خۆیان بەدەستبهێننەوە لە بەرامبەر باڵادەستی تەکنەلۆژی لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان و گەلانی پێشکەوتوو لەڕووی تەکنەلۆژیاوە.
یەکەم: چەمکی سەروەری دیجیتاڵی
سەروەری دیجیتاڵی بە “توانای دەوڵەت یان تاکێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی، داتا، سیستەمی تەکنەلۆژی و پرۆسەکانی زانین لە سنوورەکانیدا بە شێوەیەکی کاریگەر و بڕیاردانی سەربەخۆ سەبارەت بە چارەنووسی دیجیتاڵی خۆی” پێناسە دەکرێت.
ئەم چەمکە “سەروەری ئەلیکترۆنی” تێدەپەڕێت، کە تیشک دەخاتە سەر لایەنە بەرگری و ئەمنییەکانی ژێرخانی (وەک کێبڵ و تۆڕەکانی پەیوەندی). بەڵکو سەروەری دیجیتاڵی جەخت لەسەر توانای چالاکانە دەکاتەوە بۆ:
“توانای دەوڵەت یان تاکێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی، داتا، سیستەمی تەکنەلۆژی و پرۆسەکانی زانین لە سنوورەکانیدا بە شێوەیەکی کاریگەر و بڕیاردانی سەربەخۆ سەبارەت بە چارەنووسی دیجیتاڵی خۆی”
– بڕیاردانی سەربەخۆ: توانای دەرکردن و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکانی پەیوەست بە داتا و تەکنەلۆژیا، کە بۆ هەردوو کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی کارپێدەکرێت.
– کەمبوونەوەی وابەستەیی: ڕزگاربوون لە پشتبەستنی زۆر بە چەند دابینکەرێکی تەکنەلۆژیای جیهانی (وەک کۆمپانیا گەورەکانی کۆمپیوتەری هەور/کلاود و نەرمەکاڵا)، کە ڕەنگە ملکەچی یاساکانی دەسەڵاتی دادوەری بیانییەکان بن.
– کۆنترۆڵی زانین: بنیاتنانی توانا نیشتمانییەکان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا (وەک زیرەکی دەستکرد، دیزاینی چیپ و کۆمپیوتەری کوانتەم)، بەجۆرێک کە دەوڵەت تەنیا بەکاربەری تەکنەلۆژیا نەبێت بەڵکو دروستکەری یاساکان بێت.
ئەم پێناسەیە بەرهەمی مشتومڕی بەردەوامە لە سەکۆ جیهانییەکانی حوکمڕانی ئینتەرنێتدا، کە یەکێتی ئەوروپا بۆ نموونە بانگەشە بۆ ڕێبازێک دەکات کە هاوسەنگی لە نێوان ڕێکخستن و پاراستنی مافەکاندا هەبێت (وەک لە دەستپێشخەری Gaia-X هەیە)، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە ڕێبازێکی ناوەندیتر و کۆنترۆڵکەر دەگرنەبەر.
دووەم: گرنگی سەروەری دیجیتاڵی
سەروەری دیجیتاڵی گرنگییەکی سەرەکی هەیە لەبەر چەند هۆکارێکی بنەڕەتی کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانی و ئابووری و مافەکانی مرۆڤەوە هەیە:
1- ئاسایشی نیشتمانی و جیۆپۆلەتیک:
فەزای دیجیتاڵی بووەتە گۆڕەپانی نوێی کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی. ئێستا کۆنترۆڵکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی (کێبڵی فایبەر ئۆپتیک، ناوەندەکانی داتا) لە پێشینەی ستراتیژی سەرەکییە. ئەگەر زانیارییە گرنگەکانی وڵاتێک لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە هەڵبگیرێن و پرۆسێس بکرێن، ئەوا بەپێی یاسا ناوخۆییەکانیان (وەک یاسای كلاود ئەمریکا) لەلایەن حکومەتە بیانییەکانی دیکەوە بەرەوڕووی دەستڕاگەیشتن دەبێتەوە. ئەمەش مەترسی لەسەر سەربەخۆیی بڕیاردانی نیشتمانی دروست دەکات.
2- پاراستنی تایبەتمەندێتی و مافی هاووڵاتیان:
سەروەری دیجیتاڵی ئامرازێکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتیان کەوتوونەتە ژێر ئەو یاسا ناوخۆییانەی کە دەیپارێزن، وەک ڕێسای گشتی پاراستنی زانیارییەکان (GDPR) لە ئەوروپا. ئەمەش ڕێگە بە دەوڵەت دەدات ستانداردی ئەخلاقی و یاسایی لەسەر چۆنیەتی کۆکردنەوە و بەکارهێنانی داتاکان بسەپێنێت، هەروەها ڕێگری دەکات لە خراپ بەکارهێنانەکانی تەکنەلۆژیا بۆ مەبەستی چاودێریکردنی بەکۆمەڵ یان بەئامانجگرتنی ئەلگۆریتمەکان.
3- بەردەوامیی ئابووری و گەشەپێدانی پیشەسازییە نیشتمانییەکان:
سەروەری دیجیتاڵی دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری نیشتمانی لە ڕێگەی پشتگیریکردنی کۆمپانیا ناوخۆییە تازە دروستبووەکان و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ناوخۆیی جێگرەوە. ئەمەش هەڵاتنی سەرمایەی ناوخۆیی کەمدەکاتەوە، هەلی کاری تایبەتمەند دروست دەکات و بەردەوامی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان تەنانەت لە ئەگەری ناسەقامگیری جیۆسیاسی یان پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردنی تەکنەلۆژیای جیهانیشدا مسۆگەر دەکات.
سێیەم: ئەو چەمکە بنەڕەتیانەی کە سەروەری دیجیتاڵی لەسەر دامەزراوە

چەمکی سەروەری دیجیتاڵی لەسەر چوار چەمکی بەیەکەوە گرێدراو وەستاوە:
1- سەروەری زانیارییەکان (Data Sovereignty): ئەمە مەرجێکی یاسایی و تەکنیکییە بەو مانایەی کە زانیارییەکان بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا هەڵدەگیرێن و چارەسەر دەکرێن و دەگوازرێنەوە کە سەرچاوەی گرتووە. ئامانج لێی پاراستن و ڕێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتن لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە.
2- سەروەری بەگڕخستن (Operational Sovereignty): بریتییە لە دڵنیابوون لەوەی کە بەڕێوەبردنی سیستەم و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە گرنگەکان (وەک کلاود، تۆڕە سەرەکییەکان) هەمیشە بەردەستە و لەلایەن لایەنە متمانەپێکراوەکانەوە بەڕێوەدەبرێن کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان، بەم شێوەیەش دڵنیابوون لە خۆڕاگری و توانای سیستەمەکە بۆ بەرگەگرتنی ئاستەنگەکان.
3- سەربەخۆیی تەکنەلۆژی (Technological Autonomy): بریتییە لە بەدواداچوونی توانای پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی پێکهاتە تەکنەلۆژییە سەرەکییەکان لە ئاستی ناوخۆییدا، وەکو نیمچە گەیەنەرەکان (چیپی ئەلیکترۆنی) و نەرمەکاڵا سەرچاوە کراوە یان نیشتمانی، بۆ کەمکردنەوەی “خاڵە خنکاندنە گرنگەکان” لە زنجیرەی دابینکردنی جیهانیدا.
4- شەفافیەت و لێپرسینەوە (Transparency and Accountability): ئاماژەیە بۆ توانای دامەزراوەکان و دەوڵەت بۆ وردبینیکردنی پرۆسە دیجیتاڵییەکان و ئەلگۆریتمەکان (بەتایبەت لە زیرەکی دەستکرددا) بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ لایەنگرییەک ناکات، و بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا پابەندن بە ستانداردە نیشتمانییەکان لە شیکردنەوەی زانیارییەکان.
سەروەری دیجیتاڵی ئیتر بابەتێک بۆ کات بەسەربردن نییە؛ بگرە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ داهاتووی گەلان لە سەدەی بیست و یەکەمدا. پێویستی بە وەبەرهێنانێکی بەرچاو هەیە لە ژێرخانی فیزیکی (کێبڵ و ناوەندەکانی داتا)، سەرمایەی مرۆیی و لێهاتوویی، و چوارچێوەی یاسایی کە دڵنیای دەدات کە تەکنەلۆژیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تاک و کۆمەڵگە دەکات، نەک ئامرازێک بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرەکی. سەرکەوتنی نەتەوەیەک لە بەڕێوەبردنی فەزای دیجیتاڵی خۆیدا توانای دیاری دەکات بۆ هێڵکاریکردنی ڕێڕەوی داهاتووی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ.