چی ڕوودەدات؟
ڕاپۆرتێکی ورد لە ئەنسەمەوە لەبارەی داواکارییە فەرمییەکانی حکومەت بۆ پەکخستنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لە عێراقدا دەخاتە ڕوو.
لە دوایین ڕاپۆرتی شەفافیەتی مێتا بۆ مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەدا دەرکەوت کە بە فەرمی داوای لە کۆمپانیاکە کردووە ناوەڕۆکی پلاتفۆرمەکانی میتا سنووردار بکات.
ڕاپۆرتەکە لە بەشی “سنووردارکردنی ناوەڕۆک بە پشتبەستن بە یاسای ناوخۆیی ” بڵاوکراوەتەوە، دوو داواکاری فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی عێراقەوە ئاشکرادەکات بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە دوو پۆستی فەیسبووک لەناو عێراقدا، بەبێ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانی لاببرێن.
مێتا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دوو پۆستە تۆمەتی گەندەڵی و لایەنگری لە بەرپرسانی باڵای دادوەری لەخۆدەگرێت. کۆمسیۆن داواکاریەکەی لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە ٣٢٥ و ٣٣١ی ساڵی ٢٠٢٣ و هەروەها ماددەی ٢٢٩ی یاسای سزادانی عێراقی ڕەوانەکردووە، کە زۆرجار بۆ حاڵەتەکانی بێڕێزی بەرامبەر کارمەندانی میری لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکە فەرمییەکانیاندا بەکاردەهێنرێت.
مێتا ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمیسیۆن هەڕەشەی لە کۆمپانیاکە کردووە ئەگەر پابەند نەبێت بە داواکارییەکە سزای ئابووری و کارگێڕییان بەسەردا دەسەپێنێت، لەوانە قەدەغەکردنی ڕیکلامی بازرگانی لەسەر پلاتفۆرمەکانی مێتا لە ناوخۆی عێراق و قەدەغەکردنی گواستنەوەی دارایی بۆ کۆمپانیاکە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.
فەرمانی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانی ژمارە (٦٥)ی ساڵی ٢٠٠٤ بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن (سی ئێم سی) و دەستووری عێراق دیاری کراوە کە)کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن) سەربەخۆ دەبێت و ڕۆڵی خۆی وەک ڕێکخەر و چاودێری پێناسە بکات. هەروەها فەرمانی ژمارە ٦٥ داوا دەکات کە (سی ئێم سی) بە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ڕێنمایی بکرێت، کە عێراق بەپێی یاسای ژمارە ٤٦ی ساڵی ١٩٧١ واژۆی کردووە، لەم چوارچێوەیەدا مادەی ١٩ی پەیماننامەکە مافی ئازادی ڕادەربڕینی تێدایە کە بە هەمان شێوە بە مادەی ٣٨ی دەستووری عێراق گەرەنتی کراوە. (سی ئێم سی) دەسەڵاتی بلۆککردنی بڵاوکراوەکان یان لاپەڕە دیجیتاڵییەکانی نییە ئەم کارە تەنها بە بڕیاری کۆتایی دادوەری دەبێت.
هەرچەندە مێتا بە ڕوونی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو دوو پۆستە ستانداردە جیهانییە کۆمەڵگەی میتا پێشێل نەکردووە، بەڵام ناچار بووە دەستڕاگەیشتن بەو دوو پۆستە لەناوخۆی عێراقەوە سنووردار بکات، ئەمەش بە پابەندبوون بەو بابەتەی کە بە ” ئەگەری پێشێلکردنی یاسای ناوخۆییەکان” وەسفکراوە، و هاوکات بەکارهێنەرانی کاریگەر بەو بڕیارە ئاگادارکراونەتەوە.
ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ پەکخستنی هەژمارەکانی کەسانی کاریگەری عێراقی لەسەر تیک تۆک، ئەمەش پەردەهەڵماڵینە لەسەر پەرەسەندنی کاریگەریی دەسەڵاتدارانی عێراق لەسەر فەزای دیجیتاڵی و بەکارهێنانی دامەزراوە ڕێکخەرییەکان- وەک کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن- وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری تەکنەلۆژیا بۆ سەپاندنی سانسۆری ناوخۆیی بەسەر ناوەڕۆکی بڵاوکراوە لەناوخۆی وڵاتدا.
مێتا ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ناوەڕۆکەکە قسەی ڕقاوی تێدابێت، مەترسی ئەمنی دروست بکات، یان یاساکانی سەلامەتی دیجیتاڵی پێشێل بکات. بەڵکو ئەو سنووردارکردنە دەرئەنجامی ڕەچاوکردنی یاسایی و سیاسی ناوخۆیی بوو کە پەیوەندییان بە ڕاپۆرت یان پۆستەکانەوە هەبوو کە ڕەخنە لە دامەزراوە دادوەرییەکان دەگرن. ئەمەش نیگەرانی لەسەر فراوانبوونی مەودای بێدەنگکردنی دەنگە دیجیتاڵییەکان لە عێراق لە ڕێگەی ئامرازە یاسایی و ئابوورییەکانەوە دەوروژێنێت.
بەکارهێنانی هەڕەشە داراییەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر کۆمپانیایەکی تایبەت، کاریگەری لەسەر پارەی هاووڵاتیان هەیە کە بۆ ڕیکلام و سپۆنسەرکردن خەرج دەکەن و نوێنەرایەتی ئابووری دیجیتاڵی دەکات کە بەشێکی گرنگی کەرتی بازرگانی ئەلیکترۆنی عێراقە، ئەمەیش پێشێلکارییەکە کە پێچەوانەی بنەمای بێلایەنییە کە دەبێت دامەزراوە ڕێکخەرەکان پێیەوە پابەندبن.
ئەم کەیسە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەبنە گۆڕەپانی ململانێ لە نێوان حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا، و لە نێوان مافی ئازادی ڕادەربڕین و سنووردارکردنی یاسایی ناوخۆیی. لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵگەنامە فەرمییەکانی مێتا ئاشکرای دەکەن کە فشاری حکومەت نە پەیوەندی بە تەکنیکییەوە هەبووە و نە پەیوەندی بە ئەمنییەوە هەبووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە سروشتێکی سیاسی و ئابووریدا بووە. ئەمەش وا دەکات سانسۆری دیجیتاڵی فۆرمێکی نوێ وەربگرێت، لە سڕینەوەی ڕاستەوخۆ تێدەپەڕێت بۆ “جیۆ بلۆککردن/پەکخستنی سنووردار”، کە ناوەڕۆک تەنها لە سنوورەکانی وڵاتدا بلۆک/پەکدەخات دەکات.
ڕاپۆرتەکەی مێتا ئاشکرای دەکات کە سانسۆر چیتر تەنها لە سنوورەکانی دەوڵەتدا قەتیس نەماوە، بەڵکو ئێستا لە سەرانسەری خودی کەناڵە دیجیتاڵییەکاندا پراکتیزە دەکرێت، هەروەها کۆمپانیا جیهانییەکان ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە لە عێراق بۆ پابەندبوون بە داواکارییەکان بۆ سنووردارکردنی ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانە یان پەیوەندیدار بەمافەکانی مرۆڤ.
ئەنسەم بە وردی چاودێری فراوانکردنی ئەو سنووردارکردنانەی کردووە کە لەسەر ناوەڕۆکی عێراقی لە پلاتفۆرمەکانی مێتا (فەیسبووک و ئینستاگرام)دا سەپێنراوە، بە پشتبەستن بە داواکاری فەرمی حکومەتی عێراق لەڕێگەی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی شەفافیەتی کۆمپانیای میتا، لە نێوان مانگی یەک تا حوزەیرانی ٢٠٢٤ ، دەستڕاگەیشتن بە زیاتر لە ٢٠٠ ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لە ناوخۆی عێراق سنووردار کراوە، بەهۆی ئەوەی گوایە “یاسا ناوخۆییەکان”یان پێشێل کردووە، ئەمەش بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە دراوەتە کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن.
دواتر لە ماوەی نێوان تەمموز و کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ژمارەکە بەرزبووەوەتەوە بۆ زیاتر لە ٢٥٠ بابەت کە لە ناوخۆی عێراقدا سنووردارکراون، دوای ئەوەی مێتا داواکارییەکانی بە پشتبەستن بە مادەکانی (٢٢٩) و (٤٣٣)ی یاسای سزادانی عێراقی و هەروەها یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس پێیگەیشتووە.
شایەنی باسە دوایین سنووردارکردنی ناوەڕۆکی مێتا بۆ ناوەڕۆکی دیجیتاڵی لە عێراق، بەپێی ڕاپۆرتەکانی شەفافیەت، لە ساڵی ٢٠١٩ بووە، ئەم بەرزبوونەوەیە لە بلۆککردن/پەکخستن، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەستیپێکردووە و بەردەوام بووە لە فراوانبوون تا ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ڕێبازێکی مەترسیداری سنووردارکردن ناوەڕۆک لە عێراق، کە عێراق دەخاتە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین داواکارییان ئاڕاستەی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا کردووە، ئەمەش وادەکات ژینگەی ئازادی دیجیتاڵی و بەکارهێنەران مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ژەهراوی بێت.
سیاسەتی سانسۆر و بلۆک/پەکخستنی دیجیتاڵی دەنگەکان تەنها کاریگەری لەسەر پلاتفۆرمەکانی مێتا نییە. ئەنسەم تێبینی زیادبوونی ژمارەی داواکاری بلۆککردنی ئەکاونتەکانی لە (ناوچەیەکی جوگرافی) لەسەر داواکاری فەرمی دەوڵەتی عێراق بە پشتبەستن بە یاسا ناوخۆییەکان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی شەفافیەتی تیک تۆک، ئەنسەم زیادبوونی بەرچاوی لە ژمارەی داواکارییەکانی حکومەتدا بەدیکردووە. لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ داواکارییەکان گەیشتە ٤٥٤ ئەکاونت و ناوەڕۆک، داوای لابردنیان لە پلاتفۆرمی تیک تۆک کراوە، لە کاتێکدا لە نێوان مانگی یەک و ئایاری ٢٠٢٤دا داوای ١٤٠ ئەکاونت و ناوەڕۆک کراوە.
تیک تۆک وەڵامی ٢٠٠ داواکاریی لەسەر بنەمای پێشێلکردنی سیاسەتەکانی کۆمەڵگەی دایەوەتەوە، ٢١٠ داواکاری لەسەر بنەمای پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە یاسا ناوخۆییەکانی عێراق، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر لە پلاتفۆرمەکەوە بێت. ٤٤ داواکارییەکەی دیکەی ڕەتکردەوە، کە ڕێژەی وەڵامدانەوەی ڕاستەقینەی ٨٩.٦%یە بۆ داواکارییەکانی حکومەت بۆ لابردنی ناوەڕۆک، کە بەرزترینە لە جیهاندا. عێراق لە ڕیزبەندی پازدەهەمی جیهاندایە لە ڕێژەی داواکاری فەرمی کە لەم ماوەیەدا بۆ تیک تۆک نێردراوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەمەدا، ئەنسەم دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی فەزای دیجیتاڵی بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی ئازادییە گشتییەکان و مافەکانی مرۆڤ، و سانسۆرکردنی دیجیتاڵی- بە هەر بیانوویەک- متمانەی هاووڵاتیان بە ئینتەرنێت وەک فەزای سەلامەت بۆ دەربڕین و لێپرسینەوە لاواز دەکات. هەروەها جەخت لەسەر دانانی کۆنتڕۆڵی شەفاف دەکاتەوە بۆ هەر داواکارییەکی فەرمی کە ئاراستەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بکرێت، دڵنیابوون لەوەی یاساکە بە خراپی بەکارنەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنە یان سنووردارکردنی دەنگی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی، هەروەها دوورکەوتنەوە لە پەنابردن بۆ سیاسەتی “رازیبوون لە بەرامبەر مانەوە” لەگەڵ پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، کە فەزاکانی بوونەتە فەزای گشتی بۆ دەربڕین و بۆچوون بۆ هاووڵاتیانی عێراقی.
لینکی وتارەکە بە زمانی عەرەبی لەسەر ماڵپەڕی ڕێکخراوی ئەنسەم بۆ مافە دیجیتاڵییەکان کلیک لێرە بکە