مۆبایلە زیرەکەکان بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەمان. ئێمە بۆ کار و بازاڕکردن و کاری بانکی و گەڕان و پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڕێ و خێزان بەکاریان دەهێنین، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە گەنجینەی داتایەک کە بۆ تاوانباران نرخێکی بێئەندازەی هەبێت! لە ڕێگەی بەرنامە زیانبەخشەکانەوە (زۆرجار خۆیان لە ئەپەکاندا دەپۆشن) هاکەرەکان دەتوانن بە ئاسانی دەستیان بە زانیارییە کەسییەکانمان بگات. ئەم بابەتە بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی زیاتر بزانیت دەربارەی بەرنامە زیانبەخشەکان کە ئامێرەکانی ئەندرۆید تووش دەکات و چۆن کاردەکەن و چۆن دەتوانیت دەستنیشان بکەیت و ڕێگریان لێبکەیت.
بەرنامەی زیانبەخشی ئەندرۆید چییە؟
ئەگەر پرسیارت دەکەیت “ئایا ئامێرەکانی ئەندرۆید دەتوانن تووشی بەرنامەی زیانبەخش بن؟”، بەداخەوە وەڵامەکە بەڵێیە. بەرنامەی زیانبەخشی ئەندرۆید بریتییە لە نەرمەکاڵایەکی زیانبەخش کە تەنها ئامێرەکانی ئەندرۆید دەکاتە ئامانج و وەک هەر جۆرە بەرنامەیەکی زیانبەخش ئامانجی زیانگەیاندن بە ئامێری بەکارهێنەر و دزینی داتاکانیەتی.
لە کاتی بەراوردکردنی فرۆشگای گووگڵ پلەی لەگەڵ ئەپ ستۆر بۆ ئەپڵ بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژەی توندوتۆڵی لەهەمبەر دانانی بەرنامەو داگرتنی کەمترەو بەکارهێنەرانی ئەوانەی سیستەمی ئەندرۆید لەسەر ئامێرەکانیان بەکاردەهێنن زیاترەو هەروەها دەتوانن لە سەرچاوەی جۆراوجۆری ئۆنلاین ئەپەکان دابەزێنن، ئەمەش وایکردووە ئەم ئامێرانە ژینگەیەکی لەبار بێت بن بۆ بڵاوبوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
بەرنامەی زیانبەخشی ئەندرۆید چۆن کاردەکات؟
بەرنامەی زیانبەخشی ئەندرۆید بە چەندین شێوە بڵاودەبێتەوە، لەوانە:
– دابەزاندنی ئەپی زیانبەخش. تا ئێستا باوترین شێواز کە هاکەرەکان بەکاریدەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی بەرنامەی زیانبەخش لە ڕێگەی ئەپ و دابەزاندنەوەیە. ئەو ئەپانەی لە فرۆشگا فەرمییەکانی ئەپەکانەوە دابەزێنراون زۆرجار سەلامەتن (بەڵام هەمیشە نا. ئەپە دزراوەکان یان ئەوانەی لە سەرچاوەی ناشەرعییەوە دادەبەزێنرێن ئەگەری زیاتریان هەیە بەرنامەی زیانبەخشیان تێدابێت. ناوبەناو ئەپێک کە بەرنامەی زیانبەخشی تێدایە دەتوانێت لە فرۆشگای فەرمی ئەپەکاندا دەربکەوێت. ئەم ئەپانە بەزۆری بەخێرایی دەستنیشان دەکرێن و لادەبرێن، بەڵام هێشتا پێویستە وریا بیت و ئاگاداری مەترسییەکانی بیت.
– ئەگەر پەرەپێدەرانی نەرمەکاڵاکان سەرچاوەی متمانەپێنەکراو بەکاربهێنن، ئەوا ئەو ئەپانەی کە پەرەیان پێدەدەن زیاتر رووبەڕووی بەرنامە زیانبەخشەکان دەبنەوە.
– بەکارهێنانی ئامێرێک کە سیستەمی کارپێکردنی کەموکوڕی هەبێت واتە هاکەرەکان دەتوانن هەر لاوازییەکی ئەمنی لە ئامێرەکەتدا بقۆزنەوە. لە کاتێکدا کە بەزۆری لاوازییەکان بە خێرایی دەدۆزرێتەوە و چاک دەکرێنەوە، ئەگەر بە بەردەوامی سیستەمەکەت نوێ نەکەیتەوە، ئامێرەکەت دەتوانێت مەترسی لەسەر بێت. هەروەک چۆن لەگەڵ کۆمپیوتەرەکاندا، زۆر گرنگە ئامێری مۆبایلەکەت بە نوێکردنەوە بهێڵیتەوە چونکە هاکەرەکان دەتوانن ئەو لاوازییە تازە دۆزراوانە بقۆزنەوە.
– کردنەوەی لینکی گوماناوی لە ئیمەیڵ یان کورتەنامەدا ڕێگەیەکی دیکەیە کە هاکەرەکان لەڕێگەیەوە بەرنامەی زیانبەخش لەسەر مۆبایلەکەت دابنێن. بۆ نموونە، لەوانەیە ئیمەیڵێکت پێبگات کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە خەڵاتێکت بەدەستهێناوە (تەلەفۆن، گەشت، ئامێر و هتد)، یان ڕەنگە ئیمەیڵێک بکەیتەوە کە وا دیارە لە بانکەکەتەوە یان کۆمپانیایەکی تری متمانەپێکراوەوە بێت، داوای لێبکەیت زانیارییەکانت نوێ بکەیتەوە یان بچیتە ناو ئەکاونتەکەتەوە. لە هەردوو سیناریۆکەدا، کرتەکردن لەسەر بەستەرەکە دەتوانێت بتباتە ماڵپەڕێکی زیانبەخش کە بەرنامەی زیانبەخش لە مۆبایلەکەتدا دابەزێنێت و دایبمەزرێنێت، ئەمەش ئەگەری هەیە داتاکانت بخاتە مەترسییەوە و هاکەرەکە دەستی پێ بگات.
هەمان شت بۆ ئەو بەستەرانەش دەگونجێت کە لە کورتە نامەکاندا هەن کە وا دیارە لە سەرچاوەیەکی شەرعی یان تەنانەت کەسێکەوە لە لیستی پەیوەندییەکانی مۆبایلەکەتەوە هاتوون.
یاسای سەرەکی هەمیشە ئەوەیە: ئەگەر گومانت هەبوو، دوور بکەوەرەوە لە کلیککردن لەسەر بەستەرەکان یان کردنەوەی هاوپێچەکان.
– بەکارهێنانی هێڵی ئینتەرنێتی ناپارێزراو یان کردنەوەی (یو ئار ئێڵ) لە کاتی سەردانی ماڵپەڕە ناپارێزراوەکاندا، ئەو زانیارییە هەستیارانەی کە لە ئامێرەکەتەوە دەگوازرێنەوە دەخاتە مەترسییەوە. باوترین ئەو هێرشانەی کە ڕووبەڕووت دەبنەوە بریتین لە هێرشی (ڕاوکردن/فیشینگ) و تووشبوون بە بەرنامەی زیانبەخش. هەروەها وێبگەڕی مۆبایلەکەت دەتوانێت سەرچاوەی لاوازییەکان بێت، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هێرشی وێبگەڕی وێب، بۆیە دڵنیابە کە نوێترین وەشانی وێبگەڕەکەت داناوەو بەکاردەهێنیت.
کاریگەری بەرنامەی زیانبەخش لەسەر ئەندرۆید
جگە لە بێزارکردنی بەردەوامی ڕێکلامەکان، بەرنامە زیانبەخشەکان لە مۆبایلەکەتدا دەتوانن دەستیان بگات بە زانیارییە تایبەتەکانت، لەوانە:
– زانیاری بانکی خۆت
– زانیاری ئامێرەکەت
– ژمارەی تەلەفۆن یان ئیمەیڵەکەت
– لیستی پەیوەندییەکانتان
هاکەرەکان دەتوانن ئەم زانیارییانە بۆ چەندین چالاکیی زیانبەخش بەکاربهێنن، وەک دزینی ناسنامە بە بەکارهێنانی وردەکاریی هەژماری بانکیت. بۆ نموونە (ترۆجانی بانک/ئەنۆبیس) ئەم کارە دەکات بە فێڵکردن لە بەکارهێنەران بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدات دەستی بگات بە تایبەتمەندییەکانی دەستگەیشتن بە مۆبایلە ئەندرۆیدەکەیان. ئەمەش ڕێگەی پێدەدات هەر ئەپێک کە کاری پێدەکەیت و ئەو دەقانەی کە تێیدا دەنووسیت تۆمار بکات، بە وشەی نهێنیشەوە. دوای پێدانی مۆڵەتی سەرەتایی، چالاکییەکانی بەرنامە زیانبەخشەکە لەسەر شاشەکەت نابینرێت، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی هیچ شتێکی زیانبەخش ڕووبدات کاتێک دەچیتە ناو ئەکاونتەکانتەوە.
هەروەها هاکەرەکان دەتوانن بەرنامەی زیانبەخش بەکاربهێنن بۆ کۆکردنەوە و فرۆشتنی زانیاری ژمارە پەیوەندییەکانی ئامێرەکەت، دواتر بە (ڕۆبۆکۆل/پەیوەندی ڕۆبۆتی) و دەق و ڕیکلام بۆردومانت بکەن. هەروەها دەتوانن لینکی بەرنامەی زیانبەخشی زیاتر بنێرن بۆ هەموو کەسێک لە لیستی پەیوەندییەکانتدایە.
ئایا بەرنامەی زیانبەخش لە مۆبایلەکەمدا هەیە؟
چۆن بتوانم بەرنامەی زیانبەخش لە مۆبایلەکەمدا دەستنیشان بکەم؟ ئەگەر سەرنجی ئەمانەی خوارەوە بدەیت، لەوانەیە مۆبایلەکەت تووشی بەرنامەی زیانبەخش بووبێت:
– دەست دەکەیت بە بینینی زۆرێک لە پەنجەری ویبی کراوە کە لەخۆوە دەکرێتەوە، ڕێکلامە نەشیاوەکان، یان ڕێکلامەکان کە دەستوەردان لە ناوەڕۆکی لاپەڕەکان دەکەن.
– پاتریەکەت خێراتر لە ئاسایی تەواو دەبێت.
– ئەپی نامۆ لە مۆبایلەکەتدا دەبینیت.
– ئامێرەکەت خاو دەبێتەوە، تێکدەچێت، یان پەیامی هەڵەی زۆر پیشان دەدات.
– ناتوانیت ئامێرەکەت بکوژێنیتەوە یان دووبارە دایگرسێنیتەوە.
– ئامێرەکەت ڕێگەت پێنادات ئەپەکان بسڕیتەوە.
– پەیوەندییە هەڵگیراوەکانت دەڵێن نامەیان لە تۆوە وەرگرتووە کە تۆ نەتناردووە.
– دابەزینێکی گوماناوی لە باڵانسی مۆبایلەکەتدا دەبینیت، بەهۆی ئەوەی ترۆجانی مۆبایل بە نهێنی بەشداری خزمەتگوزارییە پارەدارەکان دەکەن.

ڕەنگە پێت وابێت لابردنی ئەو ئەپانەی کە گومانت هەیە زیانبەخش بن، ئاڵۆزبیت. بەڵام لەڕاستیدا هەندێک جار تەنها هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکانی ئەپێک و سڕینەوەی بەسە، لەکاتێکدا ڕەنگە ئەپە زیانبەخشەکانی تر ئیمتیازاتی بەڕێوەبەر بەخۆیان ببەخشن، ئەمەش وا دەکات بەبێ هەنگاوی زیادە لانەبرێن. دەتوانن لە ڕێنماییەکانمان بۆ لابردنی ڤایرۆسی ئەندرۆید زیاتر بزانن.
چۆنێتی پاراستنی ئامێری ئەندرۆیدەکەت لە بەرنامەی زیانبەخش
لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بە جیدی یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بوونە قوربانی بەرنامەی زیانبەخشی ئەندرۆید. لێرەدا چەند ئامۆژگاریەک بۆ پاراستن لە بەرنامە زیانبەخشەکان دەخەینەڕوو کە یارمەتیت دەدەن ئامێری ئەندرۆیدەکەت بە سەلامەتی بمێنێتەوە:
– تەنها ئەپەکان لە فرۆشگا فەرمییەکانی ئەپەکان دابەزێنە و خۆت بەدوور بگرە لە دابەزاندنی ئەپەکان لە فرۆشگەی لایەنی سێیەم، چونکە ئەمانە زۆرجار هاکەرەکان ئەپی زیانبەخش دەچێنن. ئەپەکانی فرۆشگاکانی لایەنی سێیەم لەلایەن گووگڵەوە پێداچوونەوەیان بۆ ناکرێت و بەرنامەی زیانبەخش دەتوانێت بە ئاسانی دزە بکاتە ناو مۆبایلەکەتەوە. گووگڵ هەمیشە ناتوانێت هەموو شتێک بدۆزێتەوە پێش ئەوەی بگاتە مۆبایلەکەت، بەڵگەی ئەمەش ڕاپۆرتەکانی گوگڵە لەسەر لابردنی ئەپی زیانبەخشی ئەندرۆید، بەڵام گوگڵ پابەندە بە پاراستنی فرۆشگای فەرمی خۆی و کەناڵێکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ ڕاپۆرتکردنی ئەو کێشانەی کە تووشی دەبن، ئەمەش سەلامەتیت زیاتر دەکات.
– پێداچوونەوەکانی ئەپەکان بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی بزانیت ئایا بەکارهێنەرانی تر کێشە یان ئەزموونی نائاسایی ڕاپۆرت دەکەن. هەروەها یارمەتیدەرە کە پێداچوونەوە بە مۆڵەتەکانی ئەپەکەدا بکەیت و لە خۆت بپرسیت کە ئایا لەگەڵ مەبەستی ئەپەکەدا هاوتەریبن یان نا، چونکە پێدانی مۆڵەتە هەڵەکان دەبێتە هۆی ئەوەی زانیارییە هەستیارەکانت بنێردرێت بۆ لایەنی سێیەم.
– ئاگاداری ئەپەکانی دژەڤایرۆسی بێبەرامبەر بن. ڕەنگە وەشانە بەخۆڕاییەکانی نەرمەکاڵای دژەڤایرۆس بەرنامەی زیانبەخش بن کە خۆیان وەک بەرنامەی شەرعی لەبەر کردووە و بە نهێنی هێرش دەکەنە سەر ئامێری مۆبایلەکەت. نەرمەکاڵای گونجاو بۆ ئامێرەکانی ئەندرۆید لە فرۆشیارە بەناوبانگەکان بەدەستبهێنە، ئەم ئەپانە بە شێوەیەکی کاریگەر بەرنامە زیانبەخشەکان بلۆک دەکەن.
– دڵنیابە کە نەرمەکاڵای پاراستنی ئاسایش داناوە و نوێکراوەتەوە. نەرمەکاڵای ئاسایش و وێبگەڕ و سیستەمی کارپێکردنەکەت ڕێکبخە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نوێبکرێتەوە. نوێکردنەوەی ئەمانە دڵنیای دەدات کە دەستت دەگات بە نوێترین وەشانەکانی پاراستنی سەلامەتی.
– پێش ئەوەی کلیک لەسەر بەستەرەکان بکەیت لە ئیمەیڵ و کورتە نامەکاندا بیربکەرەوە. تاوانباران ئیمەیڵ و دەقی ساختە دەنێرن کە فێڵت لێدەکەن تا کلیک لەسەر بەستەرێک بکەیت یان هاوپێچێک بکەیتەوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزاندنی بەرنامەی زیانبەخش. ئاگاداری ئەم نامانە بە و لەبری ئەوەی لە ئیمەیڵ یان کورت نامەیەکدا کلیک لەسەر بەستەرێک بکەیت، ڕاستەوخۆ لینکەکە لەماڵپەڕی تۆتاڵ ڤایرۆس بپشکنە ئینجا ناونیشانەکە لە وێبگەڕەکەت بنووسە و بۆی بگەڕێ.
– دوور بکەوەرەوە لە کرتەکردن لەسەر پەنجەرەی لەخۆوە کراوە یان ڕێکلامەکانی پەیوەست بە کارایی ئامێرەکەت. فێڵبازەکان بەرنامەی نەخوازراو لە نامە (پۆپئاب) یان ڕێکلامەکاندا دەخەنە ناوەوە کە گوایە ئاگادارت دەکەنەوە لە ئاسایش یان کارایی ئامێرەکەت، بۆیە دوور بکەوەرەوە لە کلیککردن لەسەر هەر ڕێکلامێک بە گشتی.
– قفڵکردنی مۆبایلەکەت و دانانی شاشەی قفڵکردن بە (پین) ئاسایشی ئامێری ئەندرۆیدەکەت زیاد دەکات. دەتوانیت ئەم کارە بکەیت بە دانانی (پین کۆد)، پاسۆرد، یان نەخشەهێڵ، ئەمەش ڕێگری دەکات لە کەسانی تر بە ئاسانی بچنە ناو مۆبایلەکەتەوە. ڕاستە ناتپارێزێت لە هەڕەشەکانی ئۆنلاین، بەڵام زانیارییە کەسییەکانت بە سەلامەتی دەهێڵێتەوە ئەگەر مۆبایلەکەت لەدەست بدەیت یان بە شێوەیەکی کاتی ونت کرد.
– چیپی کۆدکردن چالاک بکە. بەپێی ساڵ و تایبەتمەندییەکانی ئامێرەکەت، لەوانەیە بتوانیت کۆدکردن بۆ هەڵگرتنی مۆبایلەکەت چالاک بکەیت. ئەم تایبەتمەندییە لە شاشەی قوفڵ پارێزراوترە و پێویستی بە وشەی نهێنی و ڕەسەنایەتی دوو هەنگاوی هەیە بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکە. ئەم تایبەتمەندییە بۆ هەموو کەسێک کارناکات، چونکە سیستەمی کارپێکردنی کۆن زۆرجار پێشکەشی ناکەن.
– لە شوێنی گشتیدا تایبەتمەندی بلوتوس لەکاربخە. بلوتوس ڕێگە بە مۆبایلەکەت دەدات بە بێ وایەر پەیوەندی بە ئامێرە زیرەکەکانی ترەوە بکات و ئەگەر بە ئامێرە زیرەکەکانی ترەوە بیهێڵیتەوە بەبێ چاودێری، ئەوانی تر دەتوانن پەیوەندی بە ئامێرەکەتەوە بکەن بەبێ مۆڵەتی تۆ. هاکەرەکان دەتوانن لە هەر شوێنێک بن، بۆیە جێهێشتنی بلوتوس بە داگیرساوی خۆت و زانیارییە کەسییەکانتان دەخاتە مەترسییەوە.
– نەرمەکاڵای دژە بەرنامەی زیانبەخش بەکاربهێنە. دڵنیابە لە دامەزراندنی بەرنامەیەکی دژە بەرنامەی زیانبەخشی بەناوبانگ لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو و پارێزراو. هەر جارێک بەرنامەیەکی نوێ دادەبەزێنیت، سکانێک ئەنجام بدە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دابەزاندنەکە سەرکەوتوو بووە و هیچ کۆدێکی زیانبەخشی تێدا نییە.